۱٠ ڕێگا بۆ ئەوەی لە کارەکەتدا پڕۆفیشناڵ بیت
- وەرگێران: مژدە نورەدین
- Sep 28, 2017
- 2 min read
هەندێک جار گوێمان لەوە دەبێت کە چەندە گرنگە بە پرۆفیشناڵی لە شوێنی کارکردندا هەڵسوکەوت بکەین. گەر دەتەوێت پێشکەویت،بە گرنگیەوە سەیر بکرێیت هەروەها بەڕێوبەرەکەت وەک کەسێكی گرنگی تیمەکە لێت بڕوانێت ئەوا کارکردن بە پڕۆفیشناڵی شتێکی گرنگە.
بەڵام ئایا بەراستی خاوەن کارەکان مەبەستیان چیە لەم دەستەواژەیە ؟
ئایا ئەوە بەسە کە کارەکەت بە باشی ئەنجام بدەیت و لەکاتی خۆیدا لە کارەکەت ئامادەبیت یاخود، شتێکی دیکە هەیە بیکەیت بو ئەوەی وەک کەسێکی پڕۆفیشناڵ دەربکەویت؟
خۆت لە نا پڕۆفیشناڵی بە دوور بگرە
دەکرێت بەرێوبەرەکەت دەقاودەق مانا و بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆفیشناڵی نەڵێت بەڵام هەمووان لەو ئەزموونانەی بەسەرماندا تێپەڕیون بۆمان ئاشکرایە کە چۆن کەسێک بە نا پڕۆفیشناڵ ناودەبرێت. ئەنجام نەدانی ئەرک و پڕۆژەکان لە کاتی خۆیاندا بۆ نموونە، خۆ ئامادەنەکرن لە کاتی کۆبوونەوەکاندا، هەروەها بە هەدەردانی کات بە قسە و باس لەکاتی کارکردندا هەموو ئەمانە هۆکارێکن بۆ ناونانی کەسێک بە ناپڕۆفیشناڵ.
چ شتێکی تر وا دەکات ناپڕۆفیشناڵ دەرکەویت؟ ڕێزنەگرتن لە خەڵک، هێشتنەوەیان لە چاوەروانیدا لە کاتیکدا کە پێویست نەکات، دزینی ڕەنج و بەکارهێنانی بیرۆکەی ئەوانی تر بێ گوێدانەپێیان و ئاماژەکردن بە ناو و سوپاس کردنیان، ووتنی شتێک و بە تەواوی ئەنجامدانی پێچەوانەکەی، هەروەها بەجێ نەگەیاندنی بەڵێنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام.
۱٠ ڕێگا بۆ بوون بە کەسێکی پڕۆفیشناڵ:
پڕۆفیشناڵ بوون، ئەنجامدانی هەر کارێکە بە جۆرێک کە وا لە ئەوانی دیکە بکات وەک کەسێکی باوەڕ پێکراو، ڕێزدار، هەروەها لێهاتوو سەیر بکرێیت.
بە دڵنیاییەوە دەکرێت ئەمەش بە پێی جۆر و شوێنی کارەکان چەند شێوازێک لەخۆ بگرێت بەڵام لە کاتی باسکردنی پرۆفیشناڵی چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
۱.بڕوا بەخۆبوون: تۆ لەکارەکەتدا باشیت و ئەو کارامەیی و زانیارییانەت هەیە کە وات لێدەکات کارەکەت بەباشی ئەنجام بدەیت.
۲.باوەڕپێکراو: دەتوانن متمانەت پێ بکەن بۆ ئامادەبوونت لەکاتی خۆیدا وخستنەبەردەستی ئەو ئەرکانەی پێت سپێردراون کە دەبێت لەکاتی خۆیاندا ئامادە کرابن،هتد….. .
۳.ڕاستگۆی: ووتنی ڕاستیەکان و ڕاستگۆیی لەکارەکەتدا.
٤.پەیوەست بوون: تۆ بەجێگیری و پەیوەست بوون بە بنەماکانت ناسراویت.
٥.ڕێزگرتن: ڕێزگرتن لە بەرامبەرەکەت بە جۆرێک وا هەست بکات بابەتەکەیان بەشێکە لە گرنگیەکانت.
٦.بەرەوپێش بردنی خود: بۆ ئەوەی ئەولێهاتوویی زانیارییانەی پێشووت کۆن نەبن و لەگەڵ ڕۆژگار و بارودۆخی ئەمرۆدا بیت بەردەوام لە بەرەو پێشخستن و گەران بەدوای زانیاری نوێدابە.
۷.ئەرێنی: کەسانی ڕەشبین نەخوازراون و هیچ کەسێک حەزیان پێ ناکات. گەشبینی و چارەسەرکردنی کێشەکان جیاوازییەکی بەرچاو دروست دەکات.
۸.پشتگیریکردن لە ئەوانیتر: بەشکردنی سەرنجی دەوروبەرلەگەڵ هاوپیشەکانت، ڕەخساندنی کاتی گونجاو بە ئەوانی دیکە بەمەبەستی پیشاندان و رێخۆشکردن بۆ فێربوونی چۆنیەتی کارکردن بەشێوازێکی دروست،هەروەها گوێگرتن بۆیان لەکاتی پێویست.
۹.ووریایی لەکارکردندا: نەبەستنەوەی ژیانی تایبەتی بە کارەکەت و سەرقاڵ نەبوون بە بابەتە تایبەتیەکان کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر کارکردنت دەبێت.
۱٠.گوێگرتن بە ووریاییەوە: مرۆڤ حەزدەکات گوێی بۆ بگیرێت، کەواتە هەلی ئەوەیان پێ بدە بیرۆکەکانیان بە ڕوونی شیبکەنەوە.
سوودەکانی بوون بە کەسێکی پڕۆفیشناڵ:
هەرچەندێک ڕاهێنان لەسەر ئەو دە خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرابوو بکەیت ئەوەندە هەلی زیاترت بۆ دەڕەخسێ تاوەکو ناوبانگێکی باش بۆ خۆت بنیات بنێیت. دەکرێت ئەمەش لە ئەنجامدا بۆ بەرزبوونەوەی پێگە و پلەوپایەی کەسەکە بگۆڕڕێت. هەروەها چانسی کارکردن لەو بوارانەی ئارەزوویان پێ دەکەیت زیاتر دەبێت و بەلەبەرچاوگرتنی کارامەییت ئەگەری لەکارخستنت کەمتر لەوانیتر دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا رێز و پێگەی تایبەتی لەلایەن چاودێر و بەرپرسی باڵا بە دەست دەهێنیت.
ئەمە سەرەڕای دروست بوونی هەستی بەرزبوونەوەی پێگەو شکۆمەندی خود، جگە لەوەی لە داهاتوودا پڕ خوازراوتر دەبیت. ئەمانە چەند خاڵێکی گرنگن بۆ ئەوەی زۆرترین توانامان بخەینە گەڕ تاوەکو لە کارەکانماندا پڕۆفیشناڵ بین.


Comments