جیاوازییه گرنگه‌كانی نێوان بازاڕكاری و ڕیكلامكردن
- وەرگێران:هێژا حەسەن
- Sep 29, 2017
- 2 min read
زۆرجار ده‌بینیت ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له‌نێوان بازاڕكاری و ڕیكلامكردندا سه‌ریان لێ تێكده‌چێت. هه‌رچه‌نده هه‌ردوو به‌شه‌كه گرنگن به‌ڵام زۆر له‌یه‌ك جیاوازن. به‌زانینی جیاوازییه‌كان و توێژینه‌وه‌ت له‌باره‌ی بازاڕكاریه‌وه ده‌توانیت كۆمپانیاكه‌ت بخه‌یته سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌كردنێكی گه‌وره.
با سه‌ره‌تا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به پێناسه ڕه‌سمیه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یاندا بكه‌ین و دواتر به قووڵی ده‌ست ده‌كه‌ین به شیكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیان:
ڕێكلامكردن: ئاگادارییه‌كی گشتی و نا كه‌سی و پاره پێدراوه له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارێكی ناسراوه‌وه ده‌كرێت بۆ گه‌یاندنی مه‌به‌ستێكی قایلكه‌ر. ئه‌و پێشكه‌شكردنه نا كه‌سیه یاخود بره‌وپێدانه له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه ده‌كرێت بۆ به‌رهه‌مه‌كانی تاوه‌كو كڕیاره به‌تواناو تایبه‌ته‌كانیان بیبینن.
بازاڕكاری: سیسته‌مێكی پلان بۆ داڕێژراوه، ئیش پێكردنه، هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنی كۆمه‌ڵێك چالاكی بازرگانی تێكه‌ڵكراوه له‌پێناو به‌یه‌كه‌وه به‌ستنی كڕیاره‌كان و فرۆشیاره‌كان تاوه‌كو بتوانن پێكه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سوودمه‌ندانه ئاڵوێری خۆیان بكه‌ن یان به‌رهه‌مه‌كانیان بگوێزنه‌وه.
دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو پێناسه‌كه زۆر ئاسانه له‌وه تێبگه‌یت كه جیاوازیه‌كه چه‌نده سه‌ر لێ شێوێنه‌ره، به‌ڕاده‌یه‌ك خه‌ڵكی وابیرده‌كه‌نه‌وه هه‌مان شتن. كه‌واته با كه‌مێك له‌یه‌كیان جیابكه‌ینه‌وه.
ڕیكلامكردن ته‌نها یه‌ك پارچه‌یه له پرۆسه‌ی بازاڕكردن. ئه‌و به‌شه‌یه كه بریتییه له قسه‌كردن له‌سه‌ر بزنسه‌كه‌ت، به‌رهه‌مه‌كه‌ت، یان ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌یت. بریتییه له‌و پرۆسه‌یه‌ی گه‌شه به به ستراتیجیه‌كان بده‌یت، وه‌ك شوێنی ڕیكلامكردن و ژماره‌ی پێشكه‌شكردنیان، هتد.
ڕیكلامكردن بریتییه له شوێنی ڕیكلامێك له ناوه‌نده‌كانی وه‌ك ڕۆژنامه‌و ئیمێڵی ڕاسته‌وخۆو ته‌خته‌ی ئاگاداری و ته‌له‌فیزۆن و ڕادیۆو بێگومان ئینته‌رنێتیش.
ڕیكلامكردن گه‌وره‌ترین تێچوونه له زۆرینه‌ی پلانه‌كانی بازاڕكاریدا، ئه‌مه‌ش جگه له په‌یوه‌ندیه گشتیه‌كان و دابه‌ستنی گرێبه‌ست و توێژینه‌وه له‌بازاڕكردنیش له‌وانه زۆر به‌دوور نییه.
باشترین ڕێگا بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕكاری و ڕیكلامكردن له‌یه‌ك جیابكه‌یته‌وه ئه‌وه‌یه وه‌ك كولێره به‌قیمه بیر له‌بازاڕ بكه‌یته‌وه، له‌ناو ئه‌و كولێره به‌قیمه‌یه‌دا قاژه‌كانی ڕیكلامكردن و توێژینه‌وه‌ی بازاڕ‌و پلانی میدیاكان و په‌یوه‌ندیه گشتیه‌كان و نرخی به‌رهه‌م و بڵاوكردنه‌وه‌و پشتگیری كڕیار‌و ستراتیجی فرۆشتن و به‌شداری ڕێكخراوت هه‌یه.
ڕیكلامكردن ته‌نها هاوتای یه‌ك قاژی كولێره به‌قیمه‌كه‌یه له ستراتیجییه‌كه‌دا. هه‌موو ئه‌م توخمانه نابێت به‌سه‌ربه‌خۆیی كاربكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ن تاوه‌كو به‌ره‌و ڕووی ئامانجی سه‌ره‌كه‌ی بچن. بازاڕكاری كاتی ده‌وێـت، هه‌روه‌ها پێویستی به‌چه‌ندین كاتژمێر توێژینه‌وه‌یه هه‌یه له پلانی بازاڕكردن تاوه‌كو كاریگه‌ربێت. به‌شێوه‌یه‌ك بیر له بازاركاری بكه‌ره‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێكخراوێك ده‌یكات بۆ ئاسانكردنی ئاڵوێری نێوان كۆمپانیا‌و كڕیاره‌كانی.
چه‌ند خاڵێكی گرنگ له‌سه‌ر بازاڕكاری و ڕیكلامكردن بۆ به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كان
بازاڕكاری پرۆسه‌یه‌كی هه‌نگاو به‌هه‌نگاوه ده‌ست پێ ده‌كات له پێشنیاری فرۆشتنێكی بێ هاوتا، ڕسته‌یه‌كی كارتێكه‌ره كه وه‌سفی بزنسه‌كه‌ت ده‌كات. دواتر ئه‌م پێشنیاره وه‌ك بابه‌ت و ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی به‌كاری ڕێنوێنی هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته یارمه‌تیده‌ر بۆ ناساندنی كڕیارانی مه‌به‌ست كه بایه‌خ به به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كانت ده‌ده‌ن. هه‌ركه زانیت جه‌ماوه‌ری مه‌به‌ست كێیه، دواتر پلانی بازاڕكاریت یارمه‌تیت ده‌دات ستراتیجییه‌ك دابنێیت بۆ دانانی باشترین شوێن بۆ به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كانت. له‌دوای گه‌شه‌كردنی ئه‌م ستراتیجی و تاكتیكانه، ئاماده ده‌بیت بۆ تیشك خسته‌سه‌ر ستراتیجی ڕیكلامكردن تاوه‌كو بتوانی ده‌ست بكه‌یت به شیكردنه‌وه‌و فێركردن و بره‌وپێدانی به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزاریه‌كانت بۆ جه‌ماوه‌ره جیاوازه‌كان له فلیم و ته‌له‌فیزۆن و ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و ئینته‌رنێت و هه‌روه‌ها له ناوه‌نده‌كانی تریشدا.

Comments