٧ ئامۆژگاری گرنگ بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی پەیمانگا و زانکۆکان!
- business1ladies
- Sep 20, 2017
- 2 min read
خوێندکار لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بەتایبەتی لە قۆناغی یەکەم، هەستێکی خۆش و لەهەمان کاتدا دڵەڕاوکێی دەبێت چونکە ئەم کاتانە زۆر هەستیارە بۆ قوتابی لەڕووی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لەهەمان کاتدا خاڵی گۆڕانە لە ژیانیاندا بەرەو ناو کۆمەڵگا. بۆیە بە پێویستمان زانی لەپێناو سەرکەوتنی ئێوە چەند خاڵێک بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە کات وەربگرن
١-یەکەم هەفتە تایبەت بکە بە زانینی زانیاری دەربارەی بەشەکەت و هەوڵبدە خوێندکارانی قۆناغەکانی پێش خۆت بناسی بۆ ئەوەی باس هەر یەک لەبابەتەکانت بۆ بکەن و هەروها باسی چۆنییەتی مامەڵە کردن بۆ بکەن لەگەڵ هەر مامۆستایەک کە ئەمانەش کارئاسانیت بۆ دەکەن لە تێگەشتنی بابەتەکان.
٢-کاتەکانت ڕێک بخە بەشێوەیەک کە بتوانی بە باشی بخەویت بۆ ئەوەی بەیانیان بتوانی لە کاتی خۆی بڕۆیتە وانەکانی زانکۆت و هەروەها پابەندبە بە خشتەی وانەکانەوە و بەهیچ شێوەیەک وانەکانت لەدەست مەدە، بەم شێوەیەش زیاتر سەرکەوتوو دەبی لە خوێندندا.
٣-هەوڵبدە خواردنی تەندروست بخۆیت چونکە هەمیشە تەنها ساندویچە لە زانکۆ "هەرچەندە وەکو خواردنەکانی دایکت نابێت" بەڵام هەرنا هیچ نەبێ ژەمێکی تەندروست میوە و خواردن بخۆ و هەندێک وەرزش بکە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستیت بکەیت و بتوانی سەعییەکانت بەباشی بکەی.
٤-هەوڵبدە هەر لەسەرەتای وەرزی خوێندنەوە هاوڕێی باش و گونجاو بۆ خۆت دیاریبکەی بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی یەکتر بدەن لە کاتی سەعی کردن و هەروەها با زیاتر ئەو کەسانە بن کە لە هەمان ئاستی زانستی خۆتن بۆ ئەوەی زانیاری شەیر بکەن لە نێوان خۆتان.
٥-هەوڵ بدە ڕێستەکانی نێوان وانەکان لە شتی باشدا بەسەر بەری چونکە ئەوە زۆر گرنگە بۆ فرێش کردنەوە و چالاکترت دەکات بۆ وانەکەی دواتر.
٦-پێویستە لە هەموو وانەکان ئامادە بی و پشت بە خوێندنی شەوی تاقیکردنەوە بەتەنها نەبەستی، و لەکاتی وانەدا گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا و قوتابییەکان بکە و پرسیارەکان لە مێشکت مەهێڵەرەوە.
٧-کاتێک کە هەست دەکەیت کە لە وانەیەک یاخود مامۆستایەک تێناگەی ئەوە مەترسە هەرتۆ وانیت ڕەنگە زۆرێک لە خوێندکارەکان وابن بۆیە ڕۆژانە سەعی لە وانەکانتدا بکە و لە کاتی دروست بوونی هەر پرسیارێک بۆ لای مامۆستا و هاوڕێ و کتێبەکان بگەرێرەوە و هەرگیز پشت گوێی مەخە.
بەهیوای ساڵێکی پڕ لە ئارامی و سەرکەوتن

Comments